شاعیر: مستەفا بەگی کوردی
کتێب: دیوانی کوردی
سەرناو: ئەی دوڕی تاجی سەری شاهانی ئیقلیمی جیهان

ئەی دوڕی تاجی سەری شاهانی ئیقلیمی جیهان
شەمسی ئەفلاکی کەماڵ و شەمعی بەزمی عارفان

ئەی بە نادیدە، بە شوهرەت سەد وەکوو من عاشقت
وەی لە تاوی فیرقەتت عالەم هەموو ڕەنجیدە جان

سابیقەن پرسی کە دڵ ئەفسوردەو و سەوداسەرم؟ 
یا لە سەرمایەی هەوا و میهر و شۆری دڵبەران؟ 

واقعەن شیرین سوئالێکە، بڵا لیکن دەبوو
مەسئەلە بڕوایە لای شەخسێکی دانا و حاڵ زان

من دەڵێم شێواوە یەکسەر دەفعی کاروباری خۆم
ساچلۆن پێم دەکرێ ئیتر حەللی عوقدەی سائیلان؟ 

گەر دەپرسن مەنزڵ و شکڵ و لیباس و تائیفەی
ماڵیان نێزیک بە بەندیخانەوو ئاشی ئەحان

ئەسمەرە، لاغەر تەنە، باڵامیانە، کەچ کولاه
سوخمە سەوزە، مەیتەن ئاڵە، چاو خومار، ئەبرۆ کەمان

عاشق و دانا و موئەددەب، وەحشی و مەغروور و عەجوول
گەه دەڵێ سندان بە عاشق، گەه دەڵێ چاوم قوبان

زوودخیز و توند ڕەوتە، مەستە دائیم چاو بە خەو
گاه بەدخوو و زاڵمە، گەه موشفیقە و شیرین زمان

سا لە هەر کوێ بێ کە مەستت کرد سوئالی لێ بکەی
ڕازی پەنهانی سەراسەر بۆت دەکا ئەڵبەت عەیان

ڕەهڕەوت قادر بێ بۆ ئیعتا و جەوابی مەسئەلەت
وەرنە کوردی ناتوانێ حاڵی خۆی بۆت کا عەیان